المقالات

پاراستنی خۆپیشاندان بەڕێکخستن بوون دەکرێت

هذه المقالة متاحة أيضًا بـ: Kurdish (الكردية)

پاراستنی خۆپیشاندان بەڕێکخستن بوون دەکرێت

بەپرسیارێک دەست پێدەکەم، ئەویش ئەوەیە کە؛ ئایا پێویستە لەبزوتنەوەی داخوازیماندا خۆمان گەمارۆبدەین؟ وە ئایا دابڕانمان لە گفتوگۆی پێکەوەیی و خۆپاراستن، سیاسی بوونە یان نا، وە ئایا پێویستە خۆمان بپارێزین و بڵاو ببینەوە یان نا؟ وە ئایا ھەر بزوتنەوەیەکی داخوازی سیاسیە یان نا؟.

وەڵامی ئەو پرسیارانەی سەرەوە دەمانگەیەنێتە دۆزینەوەی ڕێگەو ڕێبازی پێکەوەیی بوون و ئەزمون وەرگرتن لە دوێنێ و ڕابردوو کاری باش بۆ ئێستەو داھاتوو.

ئەگەر سەرنجێکی کورت لە بزوتنەوە داخوازیەکانی ڕابردوو بدەین، دەبینین کە، بزوتنەوەیەکی حەقخوازانەی داواکاڕی لانی کەمی دابینکردنی پێداویستێەکانی ژیان و خزمەتگوزاری بوەو لەگەڵ خۆیدا چونکە بەرەوڕووی دەسەڵاتدارەتی بوەتەوە بوەتە بزوتنەوەیەکی سیاسی، توندوتیژو ڕووبەڕووبونەوە. ئەویش بەدوو ھۆکار:

١- لەبەرئەوەی ئەودەسەڵاتەی داوای لێکراوە، نەداواکاری، نەخواستی خەڵکی بەجێنەھێناوەو بەشێوەی سەرکوت و توندوتیژ پەلاماری داوە.

٢- بەھۆی خراپی دۆخی سیاسی و ناکۆکی دوژمنانەی ناو سیستەمی سیاسی فەرمی دەسەڵاتداران، ھەمیشە دەستێوەردانی بزوتنەوە داخوازیەکانیان کردوەو ئاراستەکەیان گۆڕیوە بۆ توندوتیژی و بەرەنگاربوونەوە.

بەوە: لەبری گوێگرتن لە خواست و داخوازی کۆمەڵگەو خەڵکە داخوازگەراکە و ڕێخستنی پەیوەندی تەندروست بۆ چارەسەری گرفت و کێشەکە. ھەمیشە ھێزی چەکدارو توندوتیژ ھێنراوەتە بەرامبەر خۆپیشاندەران و ھێزە سیاسیە دژبەرەکانیش، لەڕێگەی تۆڕێک لە کەسایەتی ڕووخاوو گرێدراوو کۆیلەوە دۆخەکەی تێکداوەو بوەتە ھۆکاری پێدا ھەڵپرژان و بەوە تێکۆشانەکە یان تێکشکێنراوە یان بێدەنگ کراوەو وەک خۆی ماوەتەوە، کە چارەسەر نەکردنی دەرفەتی سەرھەڵدانەوەی سەرلەنوێێ ھەبووە.

بەو ھۆکاری توندوتیژی و کەسایەتیە دروست کراوانەوە، دۆخێک لەتێکشکان و بێدەنگی و گرتن و پاشەکشەی لەناودۆخی داخوازگەراندا دروستکردوە. کە با سیاسیەکان، حیزبەکان دەستێوەردان نەکەن. بەوە دۆخی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکەیان گەمارۆداوەو بچوککردوەتەوەو دەرفەتی پێکەوەبوون و گفتوگۆی دۆزینەوەی ڕێبازی پێکەوەبوون، پاراستن و سەرکەوتن و لە کۆتاییدا چارەسەرو دیموکراتیزەبوونیان لەکۆمەڵگە بڕیوە. بۆئەوەی توندوتیژی نەمێنێت، دەبێت چەک و ھێزی چەکدار وەلابنرێت، گوێ و ھەستی ئەقڵ بێتە مەیدان، بەوە دەسەڵاتدارەتی نەرم و بچوک دەبێت و ھەربەوپێیەش، بزوتنەوەکە بۆخۆی و لەخۆیدا بزوتنەوەیەکی سیاسیە. بەڵام بۆچی یەکێک لەداخوازیە ھاوردەکان ئەوەیە کەبابە سیاسی نەکرێت؟ لەڕاستیدا ئەوە گەمارۆدانی بزوتنەوەی داخوازیەکەیەو لەپێناوی بچوککردنەوەو لێدانیدایە. ئەگینا ھەربۆخۆی خودی بزوتنەوەکەو خودی ئەو چەمکەی ھێنراوەتە ناوی ھەردووکیان سیاسین.

کەواتە سیاسی نەبون بەمانای چیە؟ بەمانای نەبوونی ھۆشمەندی بیرکردنەوەیە بۆ ڕێگە چارەی کێشەو گرفتەکان. کێشەو گرفتەکان چۆن دروستبوون، بەھەبوونی قەیرانەکان و گوێنەگرتن لێیان بۆ چارەسەری، کە گوێش نەگیرا ئەوکات دەبێتە ھۆکاری توندوو تیژی و پێکدادان و کردنەوەی دەرگای ئازارو دەستێوەردان. بۆئەوەی دەست تێوەردان نەمێنێت، دەبێت ھەردوو لایەن، چ بزوتنەوەی داخوازی، چ سیستەمی دەسەڵات – دەوڵەت – حوکمداری نەرم و پێکەوەو گوێگربن لەیەک و لەدۆخەکە تێبگەن و بەپێی دەرفەتەکان چارەسەری بکەن.

 

بۆیە ھەر بزوتنەوەیەکی داخوازی بزوتنەوەیەکی سیاسیشە و پێویستە خۆی بەڕێکخستن بکات. ڕێکخستن مانای چیە؟ ڕێکخستن بەمانای دروستبوونی ھۆشمەندی پێکەوەبوون، گفتوگۆکردن و دۆزینەوەی گرفت و دانانی ڕێگەچارەبۆی. کاتێک پێکەوە بیرمان کردەوە، واتە پێکەوە بڕیارمان داوە، واتە پێکەوە شتێکمان بەرھەمھێناوە، واتە پێکەوە بوینەتە خاوەنی و پێکەوەش بیری لێدەکەینەوەو پێکەوە دەیپارێزین. بەوە دەبێتە تێکۆشانێکی سیاسی و لەبەرامبەر بەرامبەردا بە پاگەندەو ڕێکخراوو ئاسۆ ڕوون دەبێت. ئەوکات خواست و داخوازیەکانمان دیاری دەکەین و پێشکەشی دەکەین، ئەگەر گوێی لێگیرا ئەوە چی لەوەباشتر، ئەگەریش گوێی لێ نەگیرا ئەوا دەرفەتەکانی جێبەجێکردنی دەدۆزینەوە، پشتیوانی بۆ پەیدا دەکەین و دەبینە ھێز. بەوە دەبێتە تێکۆشانێکی سیاسی ڕێکخستنی.

ڕێکخستن، وانیشاندراوە کەترسناکەو مانای توندوتیژی و سیاسی بوونێکی تێکدەرانە دەگەیەنێت، بەڵام ڕێکخستن ھەر ئەو کارە ڕۆژانەیەیە کەمرۆڤ بۆ بەڕێۆەبردنی کاروبارەکانی خۆی، خێزانی، کۆمەڵایەتی بەڕێوەی دەبات لە ئاستە جیاوازەکاندا. بۆچی ئەم دابڕانە لەبیرکردنەوەدا دروست دەکەن؟ ھۆکارەکەی گرنگە بزانین!.
چیدی پێویستە مرۆڤ لەڕێگەی ھۆشمەندی و ئەقڵەوە ڕێگە لەتوندوتیژی تێکدان و سوتاندن بگرێت. سوتاندن، تێکدان و ڕوخاندن، واتە لەناوبردنی کۆمەڵێک دەسکەوتی کەڵەکەبووی ڕابردوو، کەبەرھەمی ڕەنجی پراکتیکێکی گشتی ڕابردوو ئێستای ھەموومانە. ئەوەشی سودی لێدەبینێت، دەسەڵات و کۆمپانیاکانی کارو قازانجی ئەوانە.

بۆیە ئەگەر پێکەوەبووین، ھەم ڕێگە لە سوتانی ئەو ڕەنجە دەگرین، ھەم ڕێگە لەقازانجی دوبارەو سەرلەنوێی ئەو دروستکردنەوەیە دەگرین. بەوە تێکۆشانەکەمان بەرھەمی گرتوەو بویشینەتە ھێزی چارەسەری. ئەوەی کەدەسەڵات لێی دەترسێت و دەڵێت باسیاسەت و حیزبە سیاسیەکان تێکەڵی ئەم بزوتنەوانە نەبن و ھەمیشە خۆیان لەڕێگەی ئەکتەرەکانی خۆێانەوە دەستی تێ وەردەدەن و زەمینەی توندوتیژی و سوتان دەخوڵقێنن و بەشیوەی ناتەندروست و دور لەھەر پێوەرێکی ئەخلاقی ھێرش دەکەنەسەری و پەلاماری دەدەن، ھەر ئەوەیە.

بۆیەوە پێویستە گفتوگۆ پێکەوەییەکەمان دەست پێبکەین و ڕێگە چارە پێکەوەیی و جەماوەریەکان لێکگرێ بدەین و فراوانی بکەین و ھەرکەس لەئاستی خۆیەوە بەرپرسیارەتی کۆمەڵایەتی سیاسی خۆی پێکبێنێت. بەوە کۆمەڵگە لەپارچەبوون، ھێزە چەکدارەکان لەتوندوتیژی، سیاسەت لەقۆرخکاری و ئابوری لە دزین و کۆمەڵگە لە ھەڵوەشان و خراپکاری دەپارێزین.

ئەم سەرھەڵدانەوەی ئەم جارە چەند وانەی ئەزموونی بۆ ھەموومان تێدابوو:

 

یەکەمیان؛ ژنان بەبەرپرسیارەتیەکی جدیەوە وەک دۆزی خۆیان بەشداربوون و دەوری پێشەنگیان بینی.کە پێویستە بەردەوامی پێبدرێت.

دووەم؛ ھەرکەس بەئازارەکانی ئەویترەوە بەشداری دەکردو بەھی خۆی دەزانی و بەرگری لەخواستەکان دەکرد. لەناو ئەو ھەموو وەحشەت و پەلامارو ھێرشەدا یەکیان دەپاراست.

سێھەم؛ ڕێگەیان لەپاڵەوانە دروستکراوەکان و ژورە تێکدەرەکانی دەسەڵاتداران گرت و نەیانھێشت ئەوانە خۆیان بکەنە پاڵەوان.

چوارەم؛ لەڕووی بەرەو پێشچونی کارەوە، ئەزمونێک لەڕابردوو وەرگیڕابوو کە باشبوو، بەڵام تێرکەرنەبوو.

پێنجەم؛ پێشەنگیەکی ناوخۆیی دروست بوبو، بەڵام ھەردەیویست کە پێشکەوتووتر بێت.

 

ئەم بزوتنەوەی ئەمجارەش لەکەمووکوڕی بەدەر نەبوو. ھەرچەندە فراوان و کاڕیگەربوو، لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و لەناوکۆمەڵگەی دەڕەوەو لەگۆڕەپانی دبلۆماسیدا گفتوگۆو ھوشیاریەکی سیاسی دروستکردوە. بەڵام ھێشتا گرفتاری چەمکە کۆنەکانی وەک سیاسی نەبوون، ھەرخۆمان، کێشەیەتی!. وەک وتمان ھەربزوتنەوەیەکی داخوازی مادام کاریگەری لەسەر پرۆسەی قازانج و دارایی دەکات واتە سیاسیە. بۆیە دەسەڵات بەتوندووتیژی بەرپەرچی دەداتەوە، بۆئەوەی پارێزگاری لە دەسکەوتی دارایی و پوڵی خۆی بکات.

 

 

بۆئەوەی لەو گەمارۆیە دەریبێنین، پێویست دەکات مرۆڤە جوانەکان، ھێزە سیاسیە کۆمەڵایەتیە ئازادەکان، چین و توێژە داخوازیەکان پێکەوە گفتوگۆ بکەین و لێکگرێدان دروست بکەین. وەک چۆن دەسەڵات ھەموویان پێکەوە لەژوورە جیاوازەکانەوە یەک دەپاڕێزن و ئەوەی خۆیان دەپارێزن کە دزراوی ئێمەیە، ئێمەش وەک خۆمان سیستەمی خۆمان ئاوابکەین و بەڕێوەی ببەین و بیپارێزین.

عادل عوسمان

مقالات ذات صلة

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *

زر الذهاب إلى الأعلى