النشاطات

ئەنفال کارەساتێکی چەندبارە بوەوە

هذه المقالة متاحة أيضًا بـ: Kurdish (الكردية)

ئەمڕۆ ٣٤ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کارەسات و کۆمەڵکوژی گەلی کورد لەژێرناوی ئەنفالدا. ڕژێمی بەعس لەشەڕیدا لەدژی گەلی کورد لەساڵی ١٩٨٨ی سەدەی ڕابردودا، کۆمەڵێک ھێرشی کۆکوژی بۆ ناوچە جیاوازەکانی کوردستانی باشور دەستپێکرد، بەھەشت قۆناغ. لەو شەڕو ھێرشانەدا زۆر بێبەزەییانە بە چەکی کیمیاوی و گرتن و زیندەبەچاڵ کردن بۆلەناوبردنی کوردان بەردەوامی بەھێرشەکانی دا.


لەم کۆمەڵکوژیە گەورەو فراوانەدا، بەسەدان ھەزار لەمرۆڤی سڤیلی کوردان کۆمەڵکوژکران. ئەم کارەساتە نە یەکەم کارەسات بوو نەدواکارەساتیش بوو، ھەتا ئێستاش بەردەوامی ھەیەو ڕژێم و دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان بەردەوامی پێدەدەن و لەسەری دەڕۆن. ئەم دەوڵەتانە ھێز لە سیاسەتی ئینکارو لەناوبردنی گەلی کوردەوە وەردەگرن لە سیستەمی جیھانیدا. بۆیە تا سیستەمی جیھانی ناسنامەی کوردان نەناسێت و دانی پێدانەنێت. کوشتارو جینۆسایدی کوردانیش کۆتایی نایەت.


ئەگەر دوێنێ دادگای تاوانبارانی جەنگی عیراق، جینۆسایدی کوردانی لە کەیسی ئەنفال و ھەڵەبجەدا بسەلماندایەت و لەیاساکاندا جێگەی بکردایەتەوەو درێژەی بە دادگایی کردنی بەشدارانی تاوانەکەدا بکردایەت، ئەوا ئەمڕۆ کارەساتی شەنگاڵ، سپایکەرو داعش سەری ھەڵنەدەدا. ئەگەر ئەو دادگاییە بەشێوەیەکی یاسایی و سیاسی بۆ قەرەبوو کردنەوەی کارەسات و خوێنڕێژیەکانی دەوڵەتی بەعس دور لەدەستێوەردانی دەرەکی و پاراستنی تاوانباران، بەڕێوەبچوایەت. ئەوا ئەمڕۆ عیراق توشی کاراساتی خوێن و لەبەرچوونی ئابوری شەڕو پارچەبوون نەدەبوەوە.
بۆیە بۆ ڕێگری لە چەندبارەنەبونەوەی کارەساتی ئەنفال پێویستە حکومەتی عیراق ئەو:


١-دادگاییە زیندوو بکاتەوەو بەئەنجامی بگەیەنێت و ھەموو تاوانبارانی ئەو کەیسە دادگایی بکات.
٢-کەیسی ئەنفال بە جینۆساید بناسێت و داوای لێبوردن لەگەلی کورد بکات. کەبەوە بەردی بناغەی برایەتی و پێکەوەیی کورد – عەرەب دادەنرێت و بەھێز دەکرێتەوە.
٣-بۆئەوەی عیراق مسداقیەت و ڕاستگۆیی خۆی پەیدا بکات، پێویستە عیڕاق ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.
٤-پێویستە حکومەتی عیراق لەڕێگەی سەلماندنی تاوانەکانی ئەنفال، قەرەبووی گەلی کورد، زیان لێکەوتوان و ئابوری لەدەستچوی گەلی ناوچەکە بکاتەوە.
٥- پێویستە عیراق ناوچەکانی زیان لێکەوتوی پرۆسەی ئەنفال ئاوەدان و پڕ پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ژیانی بکات.
لەسەر حکومەتی ھەڕێمیش پێویستە؛
١-چیدی واز لەپشتگوێ خستنی کەیسی ئەنفال بێنێت و وەک پرسی بازرگانی و دەسکەوتی قەرەبوو سەیری نەکات.
٢-واز لە خەڵکی ئازارچەشتوو قوربانی دەر بێنێت چۆن یادی ئەو پرسە دەکاتەوەو بەڕێکخستنی دەکات.
٣-ئاسانکاری بۆ سەرلەنوی خستنەوەگەڕی دادگای تاوانەکانی ئەنفال بکات و تاوانباران تەسلیم بەدادگەبکات و نەیانپارێزێت.


ئێمە وەک بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی خوازیارین لە ھەموو لایەک بەتایپەت حکومەتی عیراقی بوێرانە ئەو کەیسە وەک چۆن بەجینۆساید ناسێنراوە، بناسێتەوەو ئەکتیڤی بکات و بەردی بناغەی عیراقێکی دیموکراسی لەسەربنچینەی چارەسەری کێشە ڕاستەقینەکان دامەزرێنێت. ڕێگە لەبەلاڕێدابردن و چاوداخستن بگرێت لەکەیسێکی وەگەورەو کاریگەردا. دەستوری عیراقی بکاتە بنەمای چارەسەری کێشەکان و ھەرچی زیاتر کرانەوەی لێکتێگەیشتن و ڕێگرتن لە بەندوباوی سیاسی نەشیاو لەگەڵ ھێزە خراپەکانی بەلاڕێدابردنی کەیسەکەن و پەیوەندی کردنی ڕاستەوخۆ بە جەماوەرو گەلی زیان لێکەوتوی پرۆسەی ئەنفال و ئاوا کردنی ڕێکخستن و کۆڕو کۆمەڵەکانی جەماوەری ئازاد بۆ قەرەبووکردنەوەی مەعنەوی ماددی و کاریگەری لەسەر گۆڕینی زھنیەتی ئینکار و گۆڕینی بەزھنیەتی پێکەوەیی و قبوڵ کردنی یەکتر.


بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی
٢٠٢٢⁄٤⁄١٤

مقالات ذات صلة

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *

زر الذهاب إلى الأعلى