چالاکییەکان

بۆردومانی قەڵادزێ

هذه المقالة متاحة أيضًا بـ: العربية (Arabic)

٤٨ ھەست ساڵ لێرەو پێش، لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، ڕژێمی بەعسی عیراقی بۆردومانی شاری قەڵادزێی تێکۆشەرو لانکەی شۆڕش و زانستی کرد. لەسەروبەندی کۆتایی ھاتنی گفتوگۆی ڕژێمی بەعس و جوڵانەوەی ڕزگاڕیخوازی گەلی کورددا، شەڕێکی بێ ئامانی داگیرکاری دەستی پێکردەوە. ڕژێمی بەعس بەشێوەیەکی دڕندانەو فاشستانە دور لەھەر پێوانەیەکی شەڕ، بەچەکی کۆکوژی قەدەغەکراوی لەجۆڕی ناپاڵم، کە ئەوێ ڕۆژێ چەکێکی کاریگەربوو، بۆردومانی شاری قەڵادزێ و شوێنی نیشتەجێبوون و زانکۆو قوتابخانەکانی کرد. کەبوە ھۆی کوژران و بریندارکردنی خەڵکێکی زۆر.

بەو بۆردومانە ڕژێمی بەعس پەیامی دڕندەیی خۆی بە تێکۆشەرانی گەلی کورد داو، لە ژێریشەوە لەگەڵ ڕژێمی شای ئێرانی ئەوکات خەریکی ڕێککەوتن و سات و سەودای بڕینی ھاوکاری بوو لە بزوتنەوەی چەکداری کوردان. بۆیە لەگەڵ ئەو ھێرش و فشارانەو ڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتی ئێران. بزوتنەوەی کورد ھەرەسی ھێناو کۆتایی بە بزوتنەوەکە ھێنرا.

لەتێکۆشانی گەلی کورددا کە ھەرگیز تەسلیم بوونی نەزانیوە، کارەسات و کۆمەڵکوژی گەورە بەدەستی دوژمنانی لەبەرامبەر گەلی کورددا کراوە. بەڵام چونکە پەند و وانەی لێوەرنەگیراوە، ئەو بۆردومان و کۆمەڵکوژیە بەچەکە قەدەغەکراوەکان بەردەوام بوە. ھەرئێستا ھێرشێکی داگیرکاری لەسەر خاکی نیشتیمانی باشوری کوردستان بە خراپترین چەکی کۆکوژ لە بادینان بەردەوام و بەڕێوەدەبرێت.

بۆیە بۆگەلی ئێمە گرنگە، لەسەر مێژووی کۆمەڵکوژی و پەلاماری دوژمنانی ئازادی ھەڵوەستە بکات و ھەموو ئەو ھێرشە کۆمەڵکوژیانە بکاتە دۆکۆمێنت و لە ڕێگەی تێکۆشانی گەل، کۆمەڵگەی مەدەنی، دادگاکان و یاسا نێودەوڵەتیەکانەوە بەدواداچوون بکات و بکەران و دەوڵەتەکان بەدادگایی بگەیەنێت.

لەم ڕۆژەدا سەری ڕێزو نەوازش بۆ شەھیدانی کۆمەڵکوژی قەڵادزێ و تەواوی قوربانیانی گەلەکەمان دادەنەوێنین و وەک بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی بانگەواز لەگەلەکەمان دەکەین، بۆ دوبارەو چەندبارە نەبوونەوەی کۆمەڵکوژیەکانی سەرگەلی کورد، تێکۆشانی دیموکراتیک، دەستوری و یاسایی بەھێزو کاریگەر بکەن، بۆئەوەی ناسنامەی گەلی کورد بناسرێت و ھیچ ھێزو لایەنێک بوێری نەک کۆمەڵکوژی، بەڵکو بنپێ کردنی مافێکی بچوکی کوردانی نەبێت.

بۆیە بانگەوازمان ئەوەیە، کە بۆدامەزراندنی کۆمارێکی دیموکراتیک، کە مافی ھەموو پێکھاتەو نەتەوەکانی تێدا دەستەبەر کرابێت، لە تێکۆشاندا بن.

بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی
٢٠٢٢⁄٤⁄٢٤

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button